وه‌ك دوا به‌شی چالاکی هه‌فته‌ی کوردی و به به‌شداری سه‌دان هاوڵاتی به‌رلین له کورد و ئه‌ڵمان و چه‌ند مێوانێکی سیاسه‌تمه‌دار و هونه‌رمه‌ندیش له کوردستانه‌وه جه‌ژنی نه‌ورۆز له په‌رله‌مانی به‌رلین پیرۆزکرا.
پاش به‌خێرهێنانی میوانه‌کان و جه‌ژنه پیرۆزه له لایه‌ن په‌رله‌مانتاری کورد غیاسه‌دین سهیان که ئه‌ندامێکی کارای پارتی چه‌پی ئه‌ڵمانییه و ساڵانه ڕۆڵی سه‌ره‌کی ده‌بینێت له سازدانی ئه‌م بۆنه پیرۆزه‌ی کورد له په‌رله‌مانی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا به‌رلین.
نوێنه‌ری سه‌رۆکی په‌رله‌مان و نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و نوێنه‌ری هاک-پار و سه‌رۆکی شاره‌وانی ناوه‌ڕاستی به‌رلین و خانمێکی دۆستی کورد سه‌ر به لیستی چه‌پی ئه‌لمانیا و نوێنه‌ری کۆمیته‌ی ئاماده‌کاری هه‌فته‌ی کوردی وته‌ی خۆیانیان خوێنده‌وه و جه‌ژنه پیرۆزه‌یان له گه‌لی کورد کرد و باسیان له‌سه‌ر داوایه‌کی ڕه‌وای کورد له ده‌ره‌وه کرد که وه‌ك کۆمه‌ڵێکی سه‌ربه‌خۆ و وه‌ك کورد بێنه ناساندن نه‌ك وه‌ك ئێستا که وه‌ك تورکی، ئێراقی، ئێرانی یان سوری ده‌ناسرێن و له ئاماره‌کاندا تێکه‌ڵ به‌و نه‌ته‌وانه کراون که کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شکراوه، هه‌روه‌ها داوای له جیهاندا به جینوساید ناساندنی تاوانی هه‌ڵه‌بجه و جه‌ختی له‌سه‌ر کرایه‌وه.
له کۆتایدا میوانداری گشت ئاماده‌بوان بۆ ئێواره‌خوان له ڕاره‌وه‌کانی په‌رله‌ماندا کرا و چه‌ند پارچه موزیکێکی کوردیش کرایه خۆراکی ڕۆحی ئاماده‌بوان.